سپاسی یەزدان
لە کتێبی:
شاخی هەورامان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
1 خولەک
712 بینین
یەزدان هەرچەندە کە من ناتناسم
لە ناسینی تۆ کەڕ و کەساسم
منێکی بێدڵ تۆیێ بێ نیشان
چۆنت بناسم ئامان سەد ئامان
هێندە ئەزانم کە هەر تۆ خوای
بێ شوێن و جێگە بە تاقی تەنیای
لەکەس نەبووگی و کەست لێنابێ
ئارەزووت چۆنە ئەبێ هەروا بێ
باوەڕم هەیە و بووگی و هەر ئەبیت
باوەڕم هەیە کە لە کەس ناچیت
باوەڕم هەیە کە گوناهـ بەخشی
باوەڕم هەیە بە هیچ نالەخشی
باوەڕم هەیە بە فریشتەکان
باوەڕم هەیە قوربان بە قورئان
باوەڕم هەیە بە ڕەهبەرانت
بە ڕۆژی دوایی داد و دیوانت
باوەڕم هەیە بە خێر و بە شەڕ
ئارەزووی تۆیە چ وشک و چ تەڕ
ڕێ بەم دوورییە و منیش بێ تۆشە
ئەر تۆ نەمبەخشی ئیشم پەرۆشە