وێنەکەم

لە کتێبی:
شاخی هەورامان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 1 خولەک  895 بینین
وێنەم بە کام ڕوو بخەمە پێش چاو
لەسەر تا بەپێ تێکەڵ بە زووخاو
وێنەم ڕووی کۆڕی یارانی نییە
وێنەی بێزانین ما نرخی چییە؟
هێشتا کوردستان بۆ جوان ئەگەڕێ
ناجوانی ناوێ بە توورە تەڕێ
ئاخ بۆ زەمانێ نەڕوانن بۆ جوان
نەنواڕن بۆ جل نەڕوانن بۆ نان
هەر تەماشای کەن بۆ مانای گوفتار
جوان و ناشیرین نەهێننە کار
بڵێیم چی کەوا من ناشیرینم
زەرد و لاواز و دیدە گرینم
با خۆم نەمێنم لە ڕووی ڕۆزگاران
منیش چاک ئەبم وەک باقی یاران
چونکە عادەتی کوردان وەهایە
هەتا پیاو نەمرێ سووکە لە کایە
جا کاتێ کە مرد هەر ئەڵێین هەی ئاخ
لەدەسمان دەرچوو سەد ئاخ دوو سەد داخ
زەمان خەریکە منیش کا بە پیاو
لە دنیای ڕۆشن دەرمکا تەواو
ئەوسا وەک یاران منیش چاک ئەبم
شاعرێکی بەرز فیدای خاک ئەبم
ئەی برادەران ئازاد کەن گەردەن
وا پێم ناوەتە دەروازەی مردن