بەبۆنەی کوشتنی «لۆمۆمبا»ی پێشەوای کۆنغۆوە
لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
3 خولەک
423 بینین
لە کوردستانەوە بۆ کۆنغۆ
بە فرمێسکی چاو، بە خەم و خەفەت
بە خوێنی جەرگی کەرت و پارە و لەت
بە زووخاوی دڵ، بە هەناسەی سەرد
بە گشت ناسۆری هەناوی پڕ دەرد
ئەم پرسەنامەت وا بۆ ئەنووسین
بە قەیتانێکی ڕەشین ئەیبەستین
بۆ تۆی ئەنێرین، بە هەستمانەوە
لەناو جەرگەکەی کوردستانەوە
ئێمەی گەلی کورد، کوردی دڵ پڕ سۆ
پرسەنامەمان ئەنێرین بۆ تۆ
ئەی نیشتمانی بەرزی بەرزئەستۆ
ئەی کۆنغۆی خوێنین، پڕ لە شین و ڕۆ
بەڵێ ئەزانین ئێستا پیشەتان
خەبات ئاوێتە بووە بە گریان
ناهەقتان ناگرین، ئەگەر بشگرین
قوڕیش بپێوون بە دڵی گرین
چونکە ئەمڕۆکە «پاتریس لۆمۆمبا»
بۆ گەلەکەتان ببووە پێشەوا
بە دەستی پیسی ئیمپریالیستان
شەهید بوو، کوژرا، وا چوو لە کیستان
کوشتنی پێشەواش یەکجار گرانە
ئێمە ئەزانین چەن بەسۆ و ژانە
ئێمەش وەک ئێوەی نەبەرد و ئازا
دەیان پێشەوای نەبەزمان کوژرا
بۆ هەریەکەیان هەشمان ئەپێوا
لەگەڵ ئەوەشدا هەر کۆڵمان نەدا
زیاتر سوور ئەبووین لەسەر تێکۆشان
لەسەر باوەڕە بەرزەکەی ئەوان
هەر یەک لە ئێمەی کۆرپە و لەشکریان
خۆی ئەدا بە کوشت تاکوو دوا ژیان
لە ڕێی ڕزگاریی کورد و کوردستان
کە بۆتە هیوای دوور و نزیکمان
ڕۆژێک یەت تۆڵەی گشتیان ئەسێنین
ئەو سا و ئەم سایان وەبیر ئەهێنین
لەو باوەڕەشداین ئێوەش هەروەها
دەستبەردار نابن تا دونیا و دونیا
لە خەباتی سەخت بەردەوام ئەبن
بەرگەی هەزاران کۆسپی وا دەگرن
تۆڵەی لۆمۆمبا و «مۆریس مۆپۆلۆ»
خەباتکەرانی وەکوو «ئۆکیتۆ»
گشت شەهیدانی نەمری کۆنغۆ
ئەسەندنەوە لە «کازا ڤۆبۆ»
سڵاویان لەگەڵ پرسە و ماتەمین
بە دڵی پەستی پڕ گریە و خەمگین
بۆ کۆنغۆی ڕەشپۆش ڕەوانە ئەکەن
بە هیوای ئەوەی دڵنەوایی بەن
ئینجا بە ڕق و پیش و قینەوە
بە دڵی گەرمی ئاگرینەوە
ناڕەزایییان بۆ ئەمەریکا
بۆ فەرەنسای پیس لەگەڵ بەلجیکا
بۆ ئینگلتەرە و هەموو ئیستعمار
وە «هەمەر شۆڵد»ی قەڵبی بەدکار
دەرئەبڕڕێ، چونکە بێئابڕوانە
هەموویان هەڵسان بە ئەم تاوانە
شەرمیان لە هەموو سەرزەمین نەکرد
هەر چۆنێکیان ویست وایان بەسەر برد
گەلانی بەرەی ئازادیخوازان
گشت تێئەکۆشن بە دڵ و بە گیان
هەتاکوو تێکڕا لەناویان بەرن
گەلانی ژێردەست گشت ڕزگار ئەکەن
کوردیش یەکێکە لە ئەو گەلانە
کەوا ژێردەستە و باری گرانە
پشتی گەلانی خەباتکەر ئەگرێ
یارمەتی ئەدا هەتا وا بکرێ
هەتا بشگاتە ئامانج و ئاوات
هەر خۆشتر ئەکا بڵێسەی خەبات