چواردەی تەمووز

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 1 خولەک  362 بینین
کچ و کوڕ:
چواردەی تەمووزە یادمان
ڕۆژی سەربەست و شادمان
یادی ڕۆژی ئازادمان
کوڕ:
ئەمڕۆ ئازادین هەموو
زوڵم و زۆرداری لاچوو
خوشکانی ئازا وەرن
لەگەڵ ئێمە دەست بگرن
کچ :
برام ئێمەش لەگەڵتان
پێشمەرگەین بە ڕۆح و گیان
کوڕ:
مژدە بێ خوشکی نازدار
فەوتا کلکی ئیستعمار
دەستت بێنە با هەستین
چونکە ئەمڕۆ سەربەستین
کچ :
بژی ئازادیخواهان
بۆ بەرزێتیی نیشتمان
کوڕ:
خوشکم لەم نیشتمانە
کە جێگەی ئەژدادمانە
کورد و عەرەب وەک برا
دەمێک ژیاون تیا
کچ :
بژیی برایەتیمان
خەبات و یەکێتیمان
کوڕ :
بژیی شۆڕشی ئازاد
وا زاڵمی کرد بەرباد
پچڕانی کۆتی زیندان
میللەتی خستە یەکسان
کچ :
با بژیی سوپای نازدار
بمرێ حوکمی ئیستعمار