ئەتپەرستم

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 1 خولەک  503 بینین
ئەی کۆتری ئاشتی، ئەی لەنجە شیرین
ئەی ڕەزاسووکی دەم بە پێکەنین
ئەی پەریی جوانی ئاوات و هیوام
ئەی گلێنەکەم ئەی هێز و توانام
بۆ تۆ سووتاو و جەرگم قرچاوە
بۆ بینینێکت هۆشم نەماوە
بۆیە هەمیشە وام بە دواتەوە
ئارامم نییە و تاس ئەمباتەوە
چاوت تێئەبڕم بە دڵی پڕ سۆ
وەک لە جیهاندا بەتەنیا هەر تۆ
هەبێت و هیچ کەس نەبێ لە دنیا
کە بیپەرستم یان دایی من با
تۆش ئاگادار نیت کە چۆن سووتاوم
چۆن لەتلەت بووە جەرگ و هەناوم
نیمە دەسەڵات لە ئەوە زیاتر
کۆیلەییت بکەم لەمەولا ئیتر
ناوت وەکوو وێرد بێتە مەبەستم
لە یەزدان زیاتر تۆ بپەرستم