ماڵ لە خاوەنماڵ حەرامە

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 3 خولەک  611 بینین
پێشکەشە بەو هەڤاڵانەی کە لە کوردستانی ئێرانەوە هاتوون:
هەڤاڵانی خۆشەویست و هاونیشتمانیی بەڕێز
بیر و باوەڕ پتەوانەی نەبەزانەی باوەڕ بەڕێز
بە دڵێکی پڕ لە سۆزی زەلیلی گەلی کوردەوە
پێتان ئەڵێم سەرچاو هاتن هەڤاڵانی شۆڕشئەنگیز
***
سەرچاو هاتن نەوەکانی قازی محەممەدکەس و سمکۆکەس
ڕۆڵەکانی مەهابادشوێن و شاری بانەشوێن و کێوی بەلو
کۆرپەکانی کوردستانی دابەشکراوی بەشخوراو
خەباتکەرانی کۆڵنەدەر دلێرانی کۆن و ئەمڕۆ
***
ئیمپریالیست بێ چاو و ڕوو گەیانینیە ئەم ئەنجامە
نیشتمانی داگیر کردین، دابەش کردین بەو مەرامە
نۆکەرانی لەسەر ورگ و نیشتمانی ئێمە بژین
ئیستاش وەکوو پێشین ئەڵێن «ماڵ لە خاوەنماڵ حەرامە»
***
بە زەبری سونی و کوشتن و زنجیری ناو بەندینخانە
بە هێزی ئاغای گەورەیان، بە هێرشی دڕندانە
بە لوولەی ڕەشاش و تۆپ و ئۆتۆماتیک و تفەنگ
کوردستانیان کردووەتە بنکەی جەنگی بۆ بێگانە
***
تا لە توانایانا هەبێ ئەیانەوێ و هیوایانە
بە زۆر و بە پاڵەپەستۆ و بە خەڵەتان و ئەفسانە
میللەتی کوردی خەباتکەر دەرپەڕێنن چۆنیان توانی
خاکی پیرۆزی کوردستان بکەن بە جێی جبەخانە
***
بەڵام گەلی کوردی بەجەرگ بە هاژەوهووژەی ناپاکان
دەرناپەڕێ، ئەو خەیاڵە سەرناگرێ بۆ هیچ کامیان
چونکە گەلی کوردی ئازا لە خەوی سستی هەڵساوە
دوژمنی وەک ناپاکانی چواردەی تەمووزە ئەنجامیان
***
چونکە ئەوە لەبەر چاوە لە کۆنەوە هەتا ئێستا
کە ڕەوڕەوەی مێژووی گەلان ئەڕوا و هیچ کاتێ نەوەستاوە
ڕەوڕەوەی نەتەوەی کوردیش ناوەستێ و قەت نەوەستاوە
هەر ڕۆژێک یەت لەپڕ بڵێن ئەها نەتەوەی کورد هەستا
***
ئەو سنوورەی ئیمپریالیست نەخشەی کێشا هیچی نەما
ئەو قەڵایەی کە لە دژی ئاشتی و ئازادی بوو، ڕما
دوژمنەکانی گەلی کورد کوژران، تۆپین، گشت ڕاکێشران
ئێستا ئا ئەو کوردستانەی کە نوقم بوو لە سۆ و خەما
***
یەکی گرتەوە و پێی ئەوترێ کوردستانی مەزنی کورد
شادی و خۆشی و بەختیاری بڵاوە بۆ درشت و ورد
بە سەربەستیی گەلی کوردی جەفا تێیدا ئەژی بۆ خۆی
ئەمە بەرهەمی ئەوەیە کەوا لە ژیانی خۆی بورد
***
ئینجا ئەی هەڤاڵانی گشت، پشتیوانی ئێمەی نەسرەو
ئا ئەو ڕۆژە لەپێش چاوە بۆ من و تۆی باوەڕ پتەو
کە مادەم هیچ توافەتمان نەبێ من و تۆی کوردپەروەر
هەردوو لە پێناوی کوردا لێمان تاڵە ژیان و خەو
***
ئەوەشمان باش لێ دیارییە کە ئەو سنوورەی کێشراوە
دەستکردی دەستی ناپاکی ویژدان نەماو و تۆپاوە
ئێمەش لەو هەر چوار کەرتەدا جیاوازیمان نییە وەک یەک
دەروون و هەناوی گشتمان بەو ئاواتەوە سووتاوە
***
کەواتە هیچ دڵگیر مەبن ئێرە بێ یان شوێنێکی تر
هەر نیشتمانی هەمووانە و کوردستانی کوردی نەمر
بەتایبەتی شادیی ئێمە ئەوەیە بە هاتنی ئێوە
کە ئەو باوەڕەی هەمانە زیاتر ئەبێ وەکوو ئاگر