کوردستانی من

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 3 خولەک  732 بینین
ئەی جێی ئازادخواهیی کوردان
نیشتمانی نەوەی گوردان
تۆی کە کوردستانی منی
جیگەی کوردانی مەزنی
باو و باپیر و ئەژدادمان
لەگەڵ تۆ بوون ماوەی ژیان
خوێنیان لەسەر تۆ ڕژاوە
هەناو و مێشکیان پژاوە
هەر بۆ بەرزی و سەربەستیی تۆ
جێگایان بوو بە هەرد و کۆ
ئەو گشت گوڵ و گوڵاڵانە
کەوا ڕەنگیان سوور و جوانە
شێوەی خوێناوی ئەوانە
کە بووەتە ئەو گوڵانە
یاخود سەیری ڕەنگی ئاسۆ
کە خۆر لێی هەڵدێ لەسەرخۆ
پەمەیییە و جوان و دڵگیر
ڕائەکێشێ ئارەزوو و بیر
تا هەرکەسێ بە توانای خۆی
پیا بڵێ هەرچی هات بۆی
یان سەر لووتکەی چیای بەفرین
هەروەکوو سەرپۆشی زیوین
لەسەر تەوقەسەری چیا
چاو ئەهێنێتە ماخۆلیا
دیمەنیشی هەمەڕەنگە
ئاوازی ... جۆرەها ڕەنگە
دەنگی پۆڕ ئەلێ کناچە
خۆشترێکە لە کەمانچە
کەویش هەروا بە قاسپەی خۆش
دنیا هەموو دێنێتە جۆش
دەنگی گەرووی شمشاڵی شوان
مێگەل ئەهێنێتە زمان
ئاوی تاڤگە بەوێنەی زیو
ئەڕژێتە ناو دۆڵی نەویو
یان بۆ ناو چەم دێتە خوارێ
وەکوو زیو بێ کە ببارێ
ئینجا بەڕوو، مازوو، چنار
تووتڕکی چەم، شنگی کەنار
دەوەن لە قەدپاڵی چیا
گوڵاڵەزەردەی ناو گیا
گۆیژ و هەرمێ و سێوی سوور
نێرگس و وەنەوشە و چنوور
بەری سووری دار بەڵاڵووک
دڕک و گەڵای سەوزی خڕنووک
لەنجەی لقوپۆپی دار کەوت
بەربوونەوەی کۆمەڵە جەوت
بەلەک لەگەڵ دڕکی زەردا
گوڵاڵەی سوور لەبن بەردا
کەرتەشی و پرچی هەڵاڵوک
بەرگی زبری سەلکە پیشۆک
دڕکی کنگر و نێرکەهاز
تامی خۆشی لاسکە چاوباز
ئاسک و چێرکی ناو پاوەن
مەڕەکێوی بەبێ خاوەن
نەک دڵێ، سەد دڵ سەرسامە
نازانێ جوانی لای کامە!
ئینجا وەرە سەیری دێهات
دڵت پڕ ئەکا لە خەبات
کاتی ماووزای بەهارە
دوو بێریی ڕانی ئێوارە
باڕەی بەرخ و کار و بزن
هاواری شوان لە دەستی ژن
هەتاکوو کاتی تەواوبوون
کار و بەرخە و بەیەکا چوون
ئینجا دەستەی ژن و کیژان
مەنجەڵە شیر لەسەر سەرشان
هەموو دێنەوە بەرەو ماڵ
بە گۆرانی و زڕەی خرخاڵ
ئەمەی کە باسم کرد هەموو
تۆزێ وەسفی کوردستان بوو
ئەگەر هەموو باس کەم تەواو
چی تیا هەیە بێتە بەر چاو
بە ملیۆنەها ڕووی دەفتەر
دوایی پێ ناهێنێ نووسەر
جا لەبەر ئەوە گشت گیانم
هەتا دوا کاتی ژیانم
قوربانییە بۆ نیشتمان
نیشتمانی هەموو کوردان
ئەیپەرستم تا دوا تینم
ئەوە، هێزی گشت بینینم