گوڵی ئازادی

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 1 خولەک  391 بینین
ئاوی بارانی خەزان وشک بوو
گوڵی ئازادی بێژمار دەرچوو
یەکێک لەوانە ئازادیی کورد بوو
بۆنی سەربەستی بۆ جیهان ئەچوو
بەڵام یەکێکی پیسی چەواشوو
گوڵەکەی بچڕی بێ شەرم و ئابڕوو
فرۆشتی هەرچەند شەرەفی خۆی بوو
بەڵام لاسکەکەی سەرلەنۆ هەڵچوو
لەگەڵ گوڵاڵەی پاییز سەوز بوو
ئێستا خەریکە وەک جاری پێشوو
گوڵ بگرێتەوە سوور و پشکتوو
بۆ خەڵک دەرخات کە وشک نەبوو
بەڵکوو ئەو دەورە هەمووی بەسەرچوو
ناوی لێ نرا کاتی ڕابوردوو
گوڵی ئازادی هیچ کات نامرێت ..
چەن لێی ببڕێت دێتە بەرهەم زوو