گوڵی ئازادیخواهان

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 2 خولەک  586 بینین
ئەی گوڵی دەستی ئازادیخواهان
ئاواتی بەرزی وڵات و گەلان
تۆ کە هۆی بەرزیی هەموو و جیهانی
هۆی خوێنڕشتنی نەڕەشێرانی
دروشمی بۆ گەل و یەکێتی
چەکی بەرامبەر زوڵم و زۆریەتی
ڕۆشنکەرەوەی ئاسۆی وڵاتی
نیشانەی بەرزی ئاسۆی وڵاتی
لە هەموو جێیەک پەنا بۆ تۆیە
بۆ بۆنێکی تۆ هاوار و ڕۆیە
ڕوویەکم تێکە با بە ئاشکرا
لەگەڵتا بدوێم، ئەی تاقە هیوا
بۆچی ئێستاکە دووری لە کوردان
هەوڵت بۆ ئەدەین ئەی هێزی ژیان
کوردستان بێزووی بە تامەزرۆیە
ئەو تامەزرۆیەش بۆنیکی تۆیە
تەنیا بەو بۆنەت لە جێگای گوڵی
چەپکە گوڵاڵەی کورد هەڵئەقوڵی
کە هەر پەلێکی بە خوێنی کوردان
سوور و ڕەنگینە بە هیی شەهیدان
ئینجا تکایە تەنیا بۆ دیاری
خونچەت بنێرە بۆ یادگاری
تاکوو لە گۆمی خوێنا بینێژین
بە لاشە دەوری بکەین بە پەرژین
هەتا بە زوویی دەم بکاتەوە
پەلک سوور لە دوور شەوق بداتەوە
ئەوسا ئاواتی ئازادخواهیی کورد
دێنێتە دیدار خیرا دەستوبرد
ئەمجارە ئەڵێین گەیشتینە ئاوات
کوردینە خۆتان بکەن بە خەڵات
بۆ پەلکی گوڵی جوانی سەربەستی
کە ئێمەی دەرکرد لە بتپەرستی