بۆ کۆچکردووەکەم

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 2 خولەک  626 بینین
ئازیز وا هاتمە سەر سەرینەکەت
هاتمە سەر گۆڕە خۆڵ ڕەنگینەکەت
بۆ ئەوەی تەواو بکەم شینەکەت
ماچ ئەکەم کێلە گوڵ نەخشینەکەت
دێتە پێش چاوم ڕووە شیرنەکەت
ئەناڵێم، ئەگریم بە هاوار و ڕۆ
دەنگی زایەڵەم ئەگاتە لای کۆ
جەرگی بوریانم پڕ بووە لە سۆ
سووتاوە دڵم بە کڵپە و پشکۆ
بۆ تۆ گیانەکەم کۆچکردووی ئەمڕۆ
کۆچەکەت بردی گشت شادمانیم
ئێستا دێوانە و کالێوە و فانیم
کەس ڕەحم ناکات بە دڵ بوریانم
بە خوێنی چاوی وەک ئاوی کانیم
بە خەستەیەتی و بە پەرێشانیم
شەرتە هەتاکوو ئەمهێنن بۆ لات
هەناو بەرەو تۆ سکاڵا بکات
ڕۆحیش ببێتە یاساوڵ گشت کات
لە دوای تۆ دڵم نۆکەریی نەکات
تەنیا بۆ گەلم خۆی بەخت ئەکات
چونکە چۆن خۆشەویستیت ئەزانی
بە ئاشکرایی یان بە پەنهانی
کەوا ئەتپەرست بەدڵ نیانی
هەر وا پێویستە بۆم نیشتمانی
کە خۆم بگێڕم بۆی وەک قوربانی
چونکە هەزاران وەکوو تۆ و ئەمن
لە کچ و لە کوڕ، لە پیاو، لە ژن
کە هەر بە هیوای نیشتمان ئەبن
بۆ ئەو ئامانجە کۆمەڵ ئەبەستن
منیش لە دەستم دەرچوو تۆی مەزن
پێویستە بۆنی دڵداری پڕ سۆز
بکەم بە خۆشەویستی لەبۆ هۆز
ئیتر نەهێنم ناوی دڵدار دۆز
نیشتمان بکەم بە هیوای پیرۆز
شەوق بداتەوە وەک گڕی نەورۆز