ئەی فەلەک بۆچی
بەهۆی کارەساتە جەرگبڕەکەی سلێمانییەوە
لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
3 خولەک
1029 بینین
دەمەو چێشتتەنگاو لەدوای بەیانی
ئەمبیست ئەیانوت ئەرێ نازانی
دوێنێ لە باکوور لافاو هەڵساوە
شاری سلێمانیشوێن تەواو تێک داوە
بۆ هەر کوێ ئەچووم هەرا بڵاو بوو
هەر سلێمانی باسی لەناو بوو
ئەگەیشتمە هەرکەس پێم ئەوت برا
چییە ئەو باسە وا بۆتە هەرا
ئەیوت: نازانی شاری کوردەکان
کڕێوە و تەرزە کردوویە وێران
ئەڵێن چەندەها کەس لێی خنکاوە
بە دەها خانووی تێدا ڕووخاوە
کە بیستم وەکوو جەرگم بێتە خوار
خۆشی و پێکەنین لێم گۆڕان بە زار
ئەم جارە بەرەو شاری سلێمانی
کەوتمە سکاڵا بەدڵ پەنهانی
وتم: تۆ جێگای بەرزی کوردانی
تۆ بڵێی ڕاست بێ ئەڵێن وێرانی
جاران هەمیشە لە خەو و خواردن
لە خۆشی و شادی، قسە و ڕابواردن
ئاخم ئەکێشا ئەموت دوو ساڵە
سلێمانیم نەدی و جەرگم زووخاڵە
ئاخۆ ئێستاکە ڕازابێتەوە
وەکوو گوڵاڵە نەخشابێتەوە
کەچی بۆ مژدەی هەناوی بووریان
ئەم هەواڵەم بیست کردمی پەرێشان
کەوا بە جووتە فەلەک و زەمان
بە دەستی پیسیان جەرگمیان هەڵقڕچان
کۆشکی خەیاڵیان تەواو ڕووخاندم
شادی و خەندەیان لە لێو فڕاندم
ئەی فەلەک چەرخت تەفروتوونا بێ
وەک دۆم شیتاڵت بۆ ڕەشەبا بێ
وەک سواڵکەر دایم سەرکز و مات بی
برسی و ڕەنجەڕۆ لاواز و لات بی
ئەو تەخت و بەختەی کە شانازیتە
هۆی سەما و بەزم و ڕمانبازیتە
هەڵوەشێ وەکوو کورتانی دەجال
هەر ڕۆژەی کەرێک بیکاتە جەواڵ
ئەو پێچکەی کەوا سووڕت پێ ئەدا
بەرەو وڵات و گەلانت ئەبا
پارەپارە بێت چەپەرەکانی
بۆ ئەوەی تەواونەکا سوڕدانی
پێم بڵێ ئەرێ کافری بێفەڕ
وەکوو پشیلەی سەرانگویلک گەڕ
چۆن سلێمانیت کرد بە نیشانە
پلارت تێ گرت بێبەزەیییانە
هەر وەکوو گورگی برسیی ناوزەبەن
دەمی گڵاوت لە کوردستان ژەن
لەم سەرزەمینە شارەزا نەبووی؟
وا بەرەو شاری سلێمانی چووی؟
هەی بێفەڕ تۆزێ ڕەحمت ببوایە
کارەساتی وات تیا نەکردایە
ئەو گشت مناڵە بەرمەمکانانە
ئەو کیژ و کچە خەت و خاڵانە
ئەو گەنج و پیاو مرۆڤ و ژنە
ئەو هەموو ڕۆڵە و کۆرپە خرپنە
کێ تاوانکارە کێ وەها ئەمرێ؟
بێفەڕ کێ گوناهی ئەوان هەڵئەگرێ؟
هەی دڵڕەقی پیس گوڵی پڕ لە قین
بۆ جیهان بوویتە چەڵەمە و ناڵین
نایەڵیت یەکێ تۆزێ بخەوێ
ڕێ نادەی گەلێ تۆزی سەرکەوێ
پەتەکەی دەستت هەی بێباری پیس
لوول ئەخوا وێنەی ئەڵەقەی گوریس
بۆ ئەوە گەلان بخەیتە سەما
کاتێکت زانی تۆزقاڵت نەما
لێ یشت دیار بێ هەتاکوو ئێستا
کەس نەیتوانیوە مافی کورد بخوا
هەرچۆن بێ چاوت بە زۆر دەردێنین
گەر بڕواش ناکەی دوایی ئەیبینین
بەڵێنم داوە و وا پێت ئەبێژم
دواتنۆکی خوێنم بۆ کورد ئەڕێژم
نەک من بەتەنیا میلیۆنان وەک من
خۆ بەختکەرن تا کاتی مردن
جا خاکت بە سەر بۆ وات لە خۆت کرد
تۆیش و مام ڕێوی ئەو باوکەتان مرد
کەوا بەرامبەر گەلی کوردەوار
هەژگی کلکتان بکێڵێ کۆسار