وەسیەت

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 2 خولەک  741 بینین
کاتی کۆچمە وەرە سەرینم
چونکە تۆی تاقەگوڵ نازەنینم
پێش ئەوەی بمرم بە نامرادی
توخوا گیانەکەم تەواو کە شینم
بملاوێنەوە بە ئاوازەی دڵ
هەڵڕێژە گریە و دەردی پێشینم
بە پرچی جوانت باوەشێنم کە
پێش ئەوەی دەرچێ ڕۆحی شیرینم
وەسیەت بێ گیانە کە ڕۆحم دەرچوو
بردمیانە یانەی چۆڵی دێرینم
وەرە سەر گۆڕم هەر ڕۆژی جارێ
دانیشە لەلای کێلی ژوورینم
هەر کەسێ ڕابوورد پرسیاری لێت کرد
بڵێ بۆ خاوەن یانەی بێتینم
بنووسە لەسەر کێلی ژوورسەرم
مەڵێ هیچ نییە بۆ دەست نووسینم
فرمێسکی چاوت بکە بە دەستنووس
بنووسە بۆ گەل لەناو چوو ژینم
چونکە لێم دوورە نیشتمانەکەم
دەمێکە شێوەی هۆزم نابینم
جا لەبەر دووریی گەلی کوردەوار
وا گۆڕ بووەتەجێگای نەرمینم
هەتاکوو ئەبم بە خۆڵی وردە
هەر بۆ ڕۆڵەی کورد نابڕێ ناڵینم
ئینجا گیانەکەم تۆش وەکوو من بە
قەت نەڵێی بۆ تۆ وا ماتەمینم
نیشتمان و گەل .. بیانپەرستە
بڵێ بۆ دوژمن ئەنێرم قینم
خۆشەویستی یەکەم بۆ نیشتمانە
هەتاکوو کاتێ لەش ئەڕزێنم
خۆم بەخت ئەکەم بۆ هۆز و گەلم
ئەو کاتە مافی دڵدار ئەسێنم