چاوەڕوانم

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 1 خولەک  843 بینین
چەندە چاوەڕوانی لەیلم
کە ڕوخساری ببینمەوە
تا سوکنا بێ دڵەی کەیلم
پەیمانی کۆن بژێنمەوە
***
تا ئەو چاوەی چاوەڕوان بوو
ببینێ چارەی شیرینی
یا ئەو ڕۆحەی کە ڕەوان بوو
بژێتەوە بە بینینی
***
یا ئەو گڕەی ناو دەروونم
ببێتە شەماڵی بەیان
تا فێنک بێ سیی مەفتوونم
ئاهێکی بێگیان بۆ ژیان
***
بەڵام زۆر وا خەیاڵم کرد
هیچیانی بۆ نەهاتە دی
ئەهاتە ڕێم چەڵەمە و گرد
ئەکەوتمە ناو تەیمانی زی
***
هەروەهاش ئاواتم هەر ما
چاوەڕوانی یەک بینینم
بۆ فەلەک کەوتوومە سەما
تا ماوەم باتێ بتبینم
***
ئەگەر هەزار کۆسپ لە ڕێ بێ
من هەر بەتەمای ئاواتم
هەزار زۆرداریش بێتە ڕێ
ئنجا باشتر بەتەماتم
***
چونکە من لە نەوەی کوردم
وەک کورد کۆڵدانم بۆ نییە
گەر بێتە ڕێم هەزار مردن
ئنجا ئەڵێم ئەوە چییە؟