کاروانی کورد
لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
1 خولەک
729 بینین
کاروان ئەڕوا بەرەبەیان
مانگەشەو بێ لە ڕووی جیهان
خرمەی زیخ و چەوی کوێستان
لەژێر پێدا ناگرێ وچان
پێت خۆشترە لە سەد کەمان
وڵاخ هەموو ئەکەن جۆڵان
خاڵەی ڕێبوار بەوێنەی شوان
وردەوردە لەدوای کاروان
بە گاڵۆکێ داربەڕووی جوان
ماوە ئەبڕێ بە لەنگەی شان
بەخێرایی ئەدا تەکان
تا ئەگاتە ئامانج ئاسان
ئێستاش کورد وەکوو کاروانە
لەگشت لایەک بێوچانە
بە دەستی زوڵمی بێگانە
لێی تێک چووە گەل و لانە