بۆ وەتەن
لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
2 خولەک
762 بینین
وەتەن تەواوی بووم دەردەدار
بۆ بەختی ڕەشت پیشەم بووە بە زار
چونکە لەوساوەی هاتوویتە دیار
هەر ژێرچەپۆکەی دەستی بێگانەی
بەستراوی داوی فێڵ و جانانەی
گیرۆدەی بەندی مەکر و بەهانەی
بەڵام هیچ کاتێک خەتات ناگرین
ئێمەی بێدەروون هەست وەرناگرین
بزانین لەشمان ساغە یان برین
چونکە لە سەدا نیوەی خەواڵووین
هەر بۆ پارە و ماڵ چاو ئاڵوو باڵوین
نازانین سواری کەری بێ پاڵووین
هەر کاتێ کەوا هەڵبتیزێنێ
سەرەوخوار قەڵەم بازمان پێ دێنێ
لە سەر تەوقی سەر ئەمانڕمێنێ
پێوستە کە تۆ دایکی هەمووانی
بگریتە باوەش ڕۆڵەی جانانی
دەرکەی ئەوانەی نانی بە نانی
لە ئێمە ئەخۆن بۆ پیاوی نامەرد
حەز ئەکەن بەشمان بێ بە ئاهی سەرد
خۆشیان گیرفانیان پڕ بکەن لە زەرد
ئەوانە هیچ کات ڕۆڵەی تۆ نابن
دەڵاڵی خەڵکن بە هیچ تێر نابن
دەک خوای گەورە ڕوو لە فەننا بن
بەڵام خوا بیکا خۆمان هەڵئەکەین
کاڵا ئەپێچین کوتەک دەست ئەدەین
هەتاکوو زۆردار لە تۆ دەرئەکەین
بەڵێن بێ هەتا لە ژیانا ماوم
بەدوای دوژمنتا تەواو کەم ڕاوم
تا خوێنی خۆیان لەدەم ئەساوم
هەتاکوو مردن هەر تۆی ئامانجم
تۆی بنچینە و جەرگ، پادشا و تانجم
لەجێی «عوزێریناسناوی ئەدەبی» و هەموو کرمانجم