بۆ کورد

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 2 خولەک  869 بینین
گوێیەک کە بانگی کوردی پیا نەدرێ
تەنیا ئەوە بێت خۆی قوت ڕاگرێ
دەک یاخوا کەڕ بێ و لە بنا بڕ بێ
ئەو تاکە کڵاشە بۆ بڕین باشە
بەڵام گەر گوێیەک بە خۆشی و شادی
وەرگرێ دەنگی بەرزی ئازادی
خۆی شل کا ببیە نەعرەتەی مادی
ئەو گوێیە خۆش بێ ژیانی نۆش بێ
دەنگێ کە بۆ کورد بانگەواز نەکا
داوای ئازادی و سەرفراز نەکا
هاواری دەردی هەموو ڕاز نەکا
دەک خوا بیبڕێ هیچ کات نەچڕێ
بەڵام گەر دەنگێ بەبێ ترس و لەرز
خۆی لێ هەڵبڕێ بێ کۆڵدان نەبەز
ڕابفڕێنێ دوژمن هەروەکوو مەگەز
بژی ئەو دەنگە کە ئەڵێی زەنگە
سەرێک بە بەرزی قنج ڕانەوەستێ
بە هەموو مێشکی کورد نەپەرستێ
هەمیشە کەچ بێ و نەتوانێ هەستێ
بشکێ، بپژێ، خوێنی بڕێژێ
بەڵام گەر سەرێ بەبێ بەراورد
چەڵەمەی هۆزی لێک باتەوە و ورد
بۆ کەس نەنەوێ وەکوو سەری گورد
بژیی ئەو سەرە بۆ لەش ڕابەرە
لەشێ بۆ کورد نەژی و نەمرێ
وەک لاکی تۆپیو بۆ گووفەک برێ
ئەوەش نەهێنیی سەگ وەریگرێ
بمرێ ئەو لەشە نەمانی باشە
بەڵام گەر لەشێ بە ڕۆژ و بە شەو
هەوڵی گەل بێ، بێ وچان و خەو
ناوی خۆی بنێ لەشێکی نەسرەو
ئەو لەشە شاد بێ وەک مەل ئازاد بێ
دەستێ کە داری ئاوات نەچێنێ
ئێخەی زۆرداران ڕانەوەشێنێ
بە بازووی مافی گەلێ نەسێنێ
بڕزێ، ببڕێ، وردوخاش بکرێ
بەڵام گەر دەستێ وەک دەستی پڵنگ
دەربێنێ جەرگی زۆرداران بە چنگ
لە خوێنی دڵا سوور بدا پڕشنگ
بژیی ئەو دەستە مایەی سەربەستە
سنگێ پێشمەرگەی کوردەوار نەبێ
قەڵغانی بۆمبای گۆپکەدار نەبێ
هەڵمەتی بەرەو لای زۆردار نەبێ
دەبا تێکشکێ، پەراسووی بشکێ
بەڵام گەر سنگێ لە خۆی نەترسێ
لە گوللە و تۆپ و ڕەشاش نەترسێ
هەوڵی بێمافیی گەلی بڕەخسێ
ئەو سنگەم ئەوێ، بەڵای لێم کەوێ