وەک قەفەس ئەم حوجرە کون تێیە کە وا گرتوومیە ناو
لە کتێبی:
دیوانی نالی
بەرهەمی:
نالی (1800-1877)
3 خولەک
9380 بینین
وەک قەفەس ئەم حوجرە کون تێیە کە وا گرتوومیە ناو
تار و پۆیی عەنکەبووتە، زۆرە لێی کردوومە داو
دوودی سەرمیچی گوڵەنگی لەت لەتی دەسرازە کۆن
بان و دیواری بە میسلی لانکەی ئەجزا شکاو
هەر لە سەربان دار بە داری ڕایەڵی بژمێرە وەک
لا پەراسووی بارگیرێکی کە زیندوو بێ بە ناو
ڕۆژ و شەو خۆش خۆش لەباتی کا، گەڵای پێدا دەکەن
وەک گەڵاڕێزانی پاییز یەک یەکی دەڕژێتە ناو
هەر لە ئێستاوە وەها سەرمای تێدا سەرما دەبێ
ڕەنگە ناوی لێ بنێی چوار تاقی سەرما تێخزاو
ئاسمان هەورین دەبێ، ئێمەش بە غەمگینی دەڵێین:
ئەی خودا چ بکەین لەژێر ئەم کاولەی کەس تیا نەماو؟!
ڕۆژی هاوینی وەها مسقاڵە زەڕڕەی پڕ دەبێ
نیمە زەڕڕێک سێبەری تێدا نییە غەیرەز هەتاو
فەسڵی هاوینی جەهەننەم، فەسڵی ئێستای زەمهەریر
زەمهەریر کەی وا بە تەئسیرە و، جەهەننەم وا بە تاو؟!
نەییری ئەعزەم وەها تاوی دەدا وەک مەنجەنیق
بۆ دەوامی ڕۆژپەرستی جەمعی حەربای دێتە ناو
دار و بەردی پەنجەرەی وەک نەسجی بەیتی عەنکەبووت
مەنعی هیچ ناکا حەتا مێشیش کە خۆی لێدا بە تاو
ڕۆژی تەرزە چەندە مینای دڵ شکێنە و سەر شکێن!
ڕۆژی باران چەن شڕە و بێعیسمەتە و ئابڕوو تکاو!
ڕۆژی بەفر و با وەکاشە، ڕۆژی باران قوففەیە!
ساحیبی لازم کە بیبێ سەوڵ و کاسێکی شکاو
کاسە بۆیە لازمە تا ئاردەڵۆکی دەربدا
سەوڵی بۆیە لازمە نەک جۆگەلە بیبا بە تاو
وەزعی ئاشی گەر نەبێ، بۆ چی دەبێ پڕ ئاردەڵۆک؟!
تەبعی قوففەی گەر نەبێ، بۆ چی دەنیشێتە سەراو؟!
کاسە و کەوچک، حەسیر و بەڕ لە ئاودا هەروەکوو
کیسەڵ و ماسی و جلە دێن و دەچن پرژ و بڵاو
ڕۆژ پڕە گوێمان لەبەر ئەنهار و جۆگە و هاژە هاژ
شەو نییە خەومان لەبەر قرژاڵ و بۆق و ژاوە ژاو
ئەو دەلاقەی تێدەخا چشت و مەکی پێدا دەبا
من لەوێ حەیران دەبم وەک ماڵ بڕاو و ماڵ براو
حوجرەکە ئاوس بوو، وەعدەی خۆی بەهارێ بوو بزێ
وەزعی حەملی کەوتە پاییز نابەکام و ناتەواو
خۆ زگی نیشتۆتە ئەرزی و، تومەزا هێشتا وەکوو
نوتفەکەی هەر ئاو بوو، بەریاوێت لەبەر هەور و هەڵاو
ئاسمان تەرزەی کە لێدا، بەردەبارانمان ئەکا
سوختەکانمان ڕادەکەن، پاڵوو پساو و قوون دڕاو
ڕادەکەن بۆ جانیبی دوککانی جەڕڕاح و تەبیب
چاک و دامەن هەڵکراو و، سەر شکاو و تەنگەتاو
لوتفی بانگوش بوو کە وا لەم حوجرەدا زاناندمان
گەر بەنی ئادەم بخنکێتن، سەراوە نەک بناو
چونکە نەتکرد قوڕ بە سەریا تا وەکوو تەسکین ببێ
مەیدەرە بەر پێلەقە، توخودا، بڵا بگری بە تاو!