گلەیی لە بەهار

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  228 بینین
ئەمڕۆکە شەشی مانگی ئایارە
بەناو ڕۆژێکی خۆشی بەهارە
بەڵام تا بڵێی گەلێ سەرمایە
هیچکەس بەهاری بەبیرا نایە
هەورەتریشقە و ڕەهێڵە و ناڵە
وەهای لێکردووم ژینم لێ تاڵە
لەناو ژوورێکی ساردا خزاوم
لە داخا فرمێسک ئەڕژێ لە چاوم
ئەگەر نەگبەتی ئەم شارە نەبێ
بەهاری ئێمە چلۆن وا ئەبێ
نە گوڵ دیارە نە یاری ڕووگوڵ
نە شتێک هەیە شادی بێ بۆ دڵ
من قەت بەم ڕۆژە پێی ناڵێم بەهار
ناڵێم ئومێدی خۆشی ڕۆژگار
ئەی خودای گەورە گەر بەهار وابێ
ماڵی پاییز و زستان ئاوا بێ
ئیتر ئەوەنە پەست و غەمگینم
لەلام وەک شەوی تاریکە ژینم