هاودەمی زانا

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  367 بینین
ئەو کەسەی زانایە دیارە هاودەمی زانا ئەبێ
خۆی ئەپارێزێ لە بەدخوو زیرەک و وریا ئەبێ
کاری وا ناکا بڕەنجێ کەس لەدەستی یا دەمی
بۆ ژیان کوێرانە ناچێ چاپوک و بینا ئەبێ
گەر ڕەوشتی پاکە هەرکەس گیانی خاوێنە لە ترس
چونکە مەردە ئەو لە ژینا هاودەمی ئازا ئەبێ
تێکی نادا تاکوو ماوە دەرد و ئاشوبی زەمان
قەت لە خشتە نابرێ هەروا ئەژی هەروا ئەبێ
گەر کەسێ ون کا لەبەر بەدکاری ڕێبازی ژیان
کۆسپی شوومی دێتە ڕێ زوو ڕووڕەش و ڕیسوا ئەبێ
بەزمی باغی شادی بۆ هەر بێفەڕێ دەس ناکەوێ
هاوسەری ئەو جۆرە بەزمە مەردی زۆر دانا ئەبێ