بەختەکەی ڕەشم

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  424 بینین
نووسرا لە تەختەی بەختەکەی ڕەشما
نەما ئازادی و شادی لە بەشما
هەندێ کەس کەوا پێم ئەڵێن ئاغا
موچڕکەی ناخۆش من دێ بە لەشما
باخچەی ئومێدم چڵی وشک بوو
نە بولبولی جوان نە گوڵی گەش ما
عیزرائیلی غەم وا لەسەر دڵم
کۆرپەی نەگبەتی وا لە باوەشما
عەشقی دڵداری کە بەد میزاجە
ناگونجێ لە تەک دڵی بێ غەشما
لە نەردی ژیان من هەر دۆڕاوم
شەش دەر گیرا بێ چلۆن دووشەش ما
لە دنیا هەمبوو دڵێک و گوڵێک
نە ئەمیان ماوە خۆ نە ئەوەش ما