نابم

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  465 بینین
ئەمەوێ شێری شەرزە بم نابم
قارەمانی ئەم ئەرزە بم نابم
ئەمەوێ هەر بژیم بە بێ باکی
سارد و سڕ چەشنی تەرزە بم نابم
ئەمەوێ دۆستی هەر کەسانێ بم
هاودەمی خام و هەرزە بم نابم
ئەمەوێ دوور لە کۆسپ و نزمی بم
لەسەر ئەو کێوە بەرزە بم نابم
ئەمەوێ ناکەسان بترسێنم
هەروەک بوومەلەرزە بم نابم
ئەمەوێ هەر بەهار و خۆشی بێ
یاری ئەم تاقە وەرزە بم نابم
ئەمەوێ کات و ساتی دڵداری
بە نیگای یار شپرزە بم نابم
ئەمەوێ نەچمە شار و جێگەی دوور
لەسەر ئەم خاک و ئەرزە بم نابم
ئەمەوێ بادەنۆشی پیشەم بێ
لەگەڵ ئەم ڕەنگ و تەرزە بم نابم