دڵداریی بێ دەنگ

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  456 بینین
دڵداریی بێ دەنگ هەر بە چاو ئەکرێ
زۆر بە خشپەی ئاسک ڕاو ئەکرێ
یارێ سەرکەش بێ لە دڵداریا
چاری سەرکەشی هەر بە داو ئەکرێ
ئەو یارەی کەوا تووڕە و ناسازە
بە قسەی نەرم و شیرین خاو ئەکرێ
ئەشێ پێی بڵێن یاری خۆ فرۆش
ئەوەی بە زێڕ و پارە تاو ئەکرێ
یارێک خەڵەتا بە درۆی بەدکار
لە دنیای ژینا زوو بەدناو ئەکرێ
ئەو یارەی کەوا ڕەوشتی پاکە
لە جارێک زیاتر سەد سڵاو ئەکرێ