لە هەرلا
لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
454 بینین
کە تۆ دوور بی پەرێشانم لە هەرلا
خەریکی ئاخ و گریانم لە هەرلا
کە دەتبینم ئەجووڵێ هەستی بەرزم
ژیانم شاد و بێ ژان لە هەرلا
کە بۆ لام هاتی گیانە پێت ئەبەخشم
هەموو دەسکەوت و سامانم لە هەرلا
لە بۆ تۆیە ئەگەر باوەڕ ئەکەی پێم
هەموو ئەشعار و پەخشانم لە هەرلا
بە تەنها چاوی من هەر تۆ ئەبینێ
ئەتۆی ڕووناکی چاوانم لە هەرلا
کە من جوانپەرستی کردەوەم بێ
هەژار و دوور لە تاوانم لە هەرلا