گێژاوی خەیاڵ

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  666 بینین
سوخمەی سەهۆڵی بان کراسی ئاڵ
وا منی خستە گێژاوی خەیاڵ
لە ژێر کراسی بریقەدارا
دێتە بەرچاوم جووتێ پرتەقاڵ
نزیک بوومەوە لەو نەونیگارە
لە بۆ تەماشای کوڵم و چاوی کاڵ
بۆ تاقە ماچێ لەو دەم و لێوە
ئەپاڕامەوە هەر وەکوو مناڵ
ئەو شۆخە لە من هەنگوینی ئەویست
بۆ دەسکەوتنی گەڕام ماڵە و ماڵ
هەتا دەستم کەوت گەلێ ماندوو بووم
چابوو لای نەچووم بە دەستی بەتاڵ