لە تاریکی شەوا
لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
856 بینین
لە تاریکی شەوا ڕووی تۆ ئەبینم
بە جارێ ڕوون ئەکەی ڕێبازی ژینم
دڵم خۆشە لە سایەی جوانی تۆدا
لەگوڵزارا خەریکی گوڵ چنینم
دەر و دەشت و چیا لا وەک بەهەشتە
کەوا ئەڕوا بەسەریا نازەنینم
نییە کارم بە دەرمانی پزیشکان
کە ماچی دەم ئەکا چارەی برینم
نییە باکم لە تانە و تیری ناحەز
لەگەڵ هێزی ئەوینا زۆر بەتینم
وەرن یاران بە ڕێگەی ڕاستی عەشقا
هەمووتان بێنە سەر ڕێبازی دینم