کە شێر ون بوو چەقەڵ ئەلوورێنێ
لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
735 بینین
لەناو بێشکە شێر ون بوو چەقەڵ بۆخۆی ئەلوورێنێ
وە یا ڕێوی تەرەس بێ ترسە کلکی هەڵئەسووڕێنێ
کە شوعلەی بەرقی یەزدانی لە ئاسۆدا بروسکەی دا
دڵی بێ نەرخی نامەردان لەگەڵ ترسا ئەلەرزێنێ
ئەوەی ئازایە بێ باکە لەلای دنیا کە ئاگر بێ
قەڵای پۆڵا بە دەستی هیممەتی وەک شووشە ئەشکێنێ
ئەوەی ڕیسوایە لای وایە هەموو کەس چەشنی ئەو وایە
بە ڕێگەی چەوت و ناڕێکا وەکوو کەر هەڵئەتیزێنێ
لەبەر چاوی نییە، دواڕۆژی خۆی و خزمی و یارانی
ئەوەی ئەمڕۆ لە باخی ناکەسیدا خۆی ئەگەوزێنێ
بە ڕووخۆشی درۆی دوشمن فریو قەت نادرێ زیرەک
بەڵام بێ هۆش و بێ قیمەت بە سەهلی خۆی ئەدۆڕێنێ
لە خودا بەولاوە کوردستان کە دین و ئایینە بۆ من
گیان بۆ ئەو فیدا ئەکرێ ژیان هیچ جلیوە ناسێنێ
بڵێن: بەو نالەبارانەی کە وا دەرچوون لە ناو پەردە
کەمێ شەرم و شەرەف باشە زەمان بەم حاڵە نامێنێ
بەسە سەرپۆشی بەدناوی نەدەن هێندە بەسەریانا
کە میللەت باوەڕی هەرگیز بە خائین چونکە نامێنێ