هەمەڕەنگە
لە کتێبی:
بەرهەمی خاوێن
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
714 بینین
ئەوەی گەڕابێ بە ژینی ناخۆش
گیانی سڕ ئەبێ بە وێنەی سەرخۆش
ئەوەی بێ پەروا ئەژی لەسەر بۆش
کتلی چاییەکەی بە تڕ دێتە جۆش
کە لە دەم دەرچوو پارووکە و تەکۆش
سەرمایە بوو بە مایەی پیاز فرۆش
سەرم سوڕماوە منیش وەک «مەدهۆش»
هەردوو کەوتووینە ناوشاری خامۆش
مەی ئەخۆم بە پێک حەوت و هەشت و نۆش
نامەوێ کەسان کە پێم بڵێن نۆش
کاتێ ماست نەما ئەیژەنین بە دۆش
ناچار من ئەیخۆم، ئەگەر نەیخۆی تۆش
ڕاستی کۆچ بکا فێر ئەبین درۆش
ئەچینە حەلقەی شێخی کۆنە پۆش
گیانی دز بۆ زێڕ زوو دێتە ئالۆش
بۆ ماڵی حەرام هەیەتی پەرۆش
تا نەیجوڵێنن نایەتە خرۆش
هەتا کەسانی زۆر خوێڕی و خەرۆش
گەر زۆر بە باشی ڕۆڵەت بکەی گۆش
ئەبێتە کویلەت وەک ئەلقەی لە گۆش
سەرمایەی ژینم هەبوو چل قرۆش
ڕێستیان لێ خواردم بە «ستریت فلۆش»