هەواڵی دڵ لە کێ پرسم

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  684 بینین
من ئەو یارە دڵی بردووم هەواڵی دڵ لە کێ پرسم
لەمن تۆراوە ڕوومەت گوڵ شکاتی گوڵ لە کێ پرسم
بە کۆمەڵ بلبل و قومری لە باغا مەستی دڵدارین
قسە و ئاوازی شیرین حسابی چڵ لە کێ پرسم
هەرچی هاوڕازمە وەک من سەراپا مەست و سەرسامن
سکاڵای دڵتەزێنی خۆم لە کام عاقڵ لە کێ پرسم
لە گریان و لە ئاهی من گەلێک بێزارە دڵدارم
ئیتر سۆزی دەروونی عاشقی بێدڵ لە کێ پرسم
کەمردن دوا بەشی ژینە ئەبێ بۆچی بترسم من
ئیتر باس و قسەی گۆڕ و مزار و گڵ لە کێ پرسم