ئەوەی کە نۆشیم

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  901 بینین
ئەوەی کە بەخشیم گیانی شیرین بوو
ئەوەی کە نۆشیم تاڵاوی ژین بوو
ئەوەی کە وا دیم دیمەنی غەم بوو
ئەوەی کە ناسیم دێوی ستەم بوو
ئەوەی تووشی بووم دەرد و بەڵا بوو
ئەوەی بۆی ئەچووم ڕێگەی فەنا بوو
ئەوەی شکاندم جامی شادی بوو
ئەوەی دڕاندم هەر ئازادی بوو
ئەوەی ویستبووم دوور لە دەستم بوو
ئەوەی ڕستبووم تاوی هەستم بوو
ئەوەی نامەوێ وا هاوبەشم بوو
ئەوەی ناخەوێ بەختی ڕەشم بوو
ئەوەی بەسەر چوو ژینی لاوی بوو
ئەوەی دەرنەچوو دڵشکاوی بوو
ئەوەی کە نووسرا سکاڵایەک بوو
ئەوەی خوێندرا موتالایەک بوو