دەربەدەر بووم

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  713 بینین
دەربەدەر بووم قوڕبەسەر بووم بێ کەس و ئاوارە خۆم
دڵ بەداخم کەیلی ئاخم دووری ئەو دڵدارە خۆم
لانە وێران پەست و حەیران شێتی هەرد و دەشت و کێوان
وشکە لێوم ژەهرە شێوم مەسخەرەی ئەم شارە خۆم
کوانێ خزمان چارەسازێ دەردی دڵ بێت چارەکا
لەم خەراباتی جیهانە عاجز و بێچارە خۆم
گەردنم زنجیری زیللەت خوار و لاری کردووە
ئێستە وەک زەنجی لە جەنگەڵ پەت لەمل یەتیارە خۆم
زۆر کەساسم بێحەواسم ڕەنگە ڕەنگی کەس نەناسم
خاوەنی مەغزێکی کاسم ڕووڕەشی ئەو یارە خۆم
مات و بێ هەست و هەژارم پەستی دەستی ڕۆژگارم
ڕێڕەوی بێ ئیختیارم وەک دەزووی کۆلارە خۆم