بۆچی باشە

لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  750 بینین
بۆچی باشە گیانی من با هەر فیدای ئەو چاوە بێ
کەڵکی چی دێ مانی من بێسودە یا لەولاوە بێ
پێم بڵێن نەرخی چییە بۆ خاوەن و بۆ خەڵقی تر
ئەو ژیانە پڕ لە ژان و هاوسەری ئاژاوە بێ
گیانەکەم گەر ئێوە ئەمڕۆ مەیلی نۆشی مەی ئەکەن
با مەزەت بۆ مەی بەقوربان ئەم دڵە برژاوە بێ
من لەڕێی دڵداریا پێم خۆشە دانێم ڕۆح و سەر
باسی پێناوێ ژیانم با فەوتی لەم پێناوە بێ
بێستون گەر هەڵکەنم بۆ تۆ ئەبەد باکم نییە
کاری فەرهادی دەبا پیشەی منی چەوساوە بێ