با ڕەفیقانم بکەن شینم کە وەقتی زارییە

لە کتێبی:
دیوانی نالی
بەرهەمی:
نالی (1800-1877)
 1 خولەک  3441 بینین
با ڕەفیقانم بکەن شینم کە وەقتی زارییە
قەت مەکەن تەقسیر لە گریان، شیوەنم یەگجارییە
تیرەکەی ئەو ڕۆژە مەحبووبەم کە لوتفی کرد بە من
گەر نەبەخشێ مەرهەمی وەسڵی، برینم کارییە
حەپسی چاهی میحنەتم، کافر بە حاڵی من نەبێ!
کار و پیشەم دائیمەن گریان و شین و زارییە
هەر بە ئوممێدی عەیادەت بەڵکە جارێ بێتە لام
من، ئەگەرچی بیشمرم، پێم خۆشە ئەم بیمارییە
کەس نەکا مەنعی گوڵم، گەرچی دڵی کردوومە خوێن
چونکە مەعلوومە کە ئیشی خونچە هەر خوێن خوارییە
کووچە کووچە خوون چەکەی پەیکانی موژگانی گوڵم،
بۆ شەهیدی شاهیدە دائیم کە خوێنم جارییە
هەرچی مەحبووبان دەکەن خۆشە، بەڵام داخی ڕەقیب
دەمکوژێ، تەرحی مرێ، هەر وەک کەری بێگارییە!
ناڵە ناڵی نالیناسناوی ئەدەبییە وا خەڵقی خستە زەلزەلە،
یا نە خۆ حەشرە، گونەهکارە وەها هاوارییە؟!