بارەکەڵڵا ئافەرین ئەی عەشرەتی نوسرەت شیعار

ئازایی عەشرەتی تاڵەبانی
لە کتێبی:
دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی
بەرهەمی:
شێخ ڕەزای تاڵەبانی (1831-1910)
 2 خولەک  2572 بینین
بارەکەڵڵا! ئافەرین! ئەی عەشرەتی نوسرەت شیعار
مەردی مەیدان شێری جەنگاوەر هوزەبری کارزار
چوار عەشیرەت کاکەیی و وەند و جەباری و داودە
ئیتیفاقیان کرد و هاتن چوارسەد و پەنجا سوار
هەر بە ئەووەڵ حەملە چەندتان کوشت و چەندتان سەر بڕی
چەند کەلەشیان لێ بە جێ ما، بوونە توعمەی موور و مار
ئێستەکەش لەو دەشتە شەڕیانە لەسەر لاشەی ڕزیو
کەرگەس و شاهین و گورگ و مامە ڕێوی و کەمتیار
بەینی بەینەڵا عوبەیدناوی تایبەتی فیلە تەن کارێکی کرد
هیچ کەسێک نایکا مەگەر حەیدەرناوی تایبەت بە زەربی زولفەقار
هەر سوارێ فیرقەیەکی ڕاڕفاند و دایە پێش
کەوتە سەر کوێخا مەخۆل عەبدولوەهابی نامدار
لێی خوڕی وەک شێری غوڕڕان: سا مەڕۆ! ڕاوەستە بۆم!
ئەی تڵیشی دایە ڕێزوارت بە ڕیشی یادگار
چەکمەیێ سووری لە پێدا بوو بە جارێ زەردی کرد
تس لە ملیۆن تێپەڕی کرد، تڕ گەیشتە سەد هەزار
یەک لە یەک ئازاترن تەعریفی کامێکتان بکەم
دەک فیدای دەست و تفەنگت بم سولالەی شێخ ستار
شاسوارێکی وەکوو تۆمان هەبێ باکمان چییە
تۆش لە حەققەتدا سوارێکی وەکوو ئەسفەندیار
ئەم قسانە گشتی مەجازن گەر حەقیقەتتان دەوێ
بەزلی نان و هیممەتی پیرانە بۆتان کەوتە کار
جائیزەم مەتڵوبە ئەم مەدحەم بە خۆڕایی نییە
هورتمانیش بێ ڕەزام، گەر هیچ نەنێرن، یا ستار