بابەتی٢
شەرتی زەکات دان بە فەقیر و میسکین
لە کتێبی:
بارانی ڕەحمەت
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
2 خولەک
898 بینین
بەم شەرتە زەکات بەمانە ئەدرێ
کەسیان نەفەقەی شەرعی وەرنەگرێ
لە باب یا ئەولاد یا ژن لە شووی خۆی
یا ئەو نەفەقەی کافی نەبێ بۆی
ئینجا بۆ کاسب ئەونەی پێ ئەدرێ
بکرێ بە مایە و کەسبی پێ بکرێ
بۆ غەیرە کاسب ئەوەنە ئەدرێ
بژی بە عادەت، هەتاکوو ئەمرێ
نابێ بە مانیع مەسکەن و لیباس
ئەسپی سواری و حاجەت و ئەساس
یا خاک و باخێ کە واریداتی
کیفایەت نەکا بۆ نەفەقاتی
یاخود کتێبی تەدریسی ئوستاد
یا بۆ تیا خوێندن، یا وەعز و ئیڕشاد
هەم مانیع نییە کەسب نەکردن
چ لەبەر تەدریس چ لەبەر خۆندن
نەک بۆ مانەوەی لە خەڵوەخانە
یا بە نەوافیل تەی کا زەمانە
٣. قەرزار
سێهەم قەرزارە پێی ئەدرێ زەکات
لەسەر دەستوورێ دەریخەم لەلات
ئەگەر قەرزارە بۆ دەفعی فەساد
یا بۆ ئیسڵاحی مابەینی عیباد
پێی ئەدرێ زەکات با دەوڵەمەن بێ
با نەخت و جینسی بە حوقە و مەن بێ
ئەگەر قەرزارە بۆ نانی میوان
یا بینای مزگەوت یا بۆ پرد و خان
یا مەسڵەحەتی عاممەی ئیسلامی
قەرزی ئەدرێتۆ گشت بە تەمامی
مادام بە پارە دەوڵەمەن نەبێ
ئیتر با ماڵ و ئەملاکی هەبێ
ئەگەر قەرزارە بۆ مەسرەفی خۆی
مادام ئەو سەرفە حەڵاڵ بوێ بۆی
یا حەرام بووبێ ئەمما بە ڕاسی
تۆبەی کردبێ بۆ خودا ناسی
پێی ئەدرێ زەکات ئەگەر خۆی نەیبێ
ئەونە قەرزەکەی بکا جێبەجێ
هەروا زامنی قەرزاری هەژار
نەک یەکێ بمرێ بێ ماڵ و قەرزار
٤. سەفەری
چوارەم ساحێبی سەفەری حەڵاڵ
وەکوو سەفەری تەحسیلی کەماڵ
یا سیلەی ڕەحمی برا و خزم و خوێش
یا بۆ بینینی دۆستی دڵ ڕاکێش
حەتتا سەفەری تەبدیلی هەوا
کە لەبۆ نەخۆش ئەبێ بە دەوا
نەکوو سەفەری ئینسانی حەیران
بێ سوود بگەڕێ لە دێ یا شاران