بابەتی٤٥

باسی کورت کردنەوەی چوار ڕکاتی بە دوو ڕکات
لە کتێبی:
بارانی ڕەحمەت
بەرهەمی:
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس (1901-2005)
 2 خولەک  714 بینین
نوێژی نیوەڕۆ و عەسر و خەوتنان
کورت ئەکرێنەوە لە سەفەرەکان
کاتێ شرووتی جێبەجێ ببێ
یەکەم مەسافە دوو مەنزڵ ڕێ بێ
دووهەم حەڵاڵ بێ بڕینی ئەو ڕێ
سێهەم بزانە کە بۆ کوێ ئەچێ
چوارەم ئەمەیە ئیقتیدا نەکا
بە هەر ئیمامێ نوێژ تەواو ئەکا
پێنجەم نیەتی قەسری بێتە دڵ
لەگەڵ تەکبیرا ئەی برای فازڵ
شەشەم زانینی ئادابی قەسرە
حەوتەم دەوامی وەزعی سەفەرە
ئیبتیدای سەفەر ئەی برای گیانی
وەختێ کە دەرچی لە ئاوەدانی
ئەگەر گوێ نەدا بە قەسری سەلات
تا دوور کەوتەوە ڕێگەی چەن سەعات
دوو مەنزڵ ڕێگای ئەگەر بۆ ماوە
قەسری بۆ ئەکرێ لەو جێ بەولاوە
***
کاتێ گەیشتی بە عەینی مەرام
قەسرت بۆ هەیە ئەی برای بە فام
ئەگەر مانەوەی چوار ڕۆژی تەواو
لە دڵتا نەبێ ئەی برای خۆش ناو
بەڵکوو ئەگەر تۆ وەهات هاتە دڵ
بە کەمتر لە چوار حەل ئەبێ موشکڵ
کە چی بۆت نەکرا بە قەزا و قەدەر
تۆش هەر لە فیکرای کە بڕۆیتە دەر
هەتا هەژدە ڕۆژ لەسەر ئەم حاڵە
شەرعەن قەسری نوێژ بۆ تۆ حەڵاڵە
***
ئەمما بۆت نابێ قەسری نوێژ ئەگەر
مانەوەی چوار ڕۆژ بێنیتە نەزەر
هەم بە قەراری نیەتی ڕجووع
قەسری نوێژەکەت لێ ئەبێ مەمنووع
کە گەڕایتەوە ئەگەر هاتە جێ
شرووتی پێشوو قەسرت بۆ ئەکرێ
تا عەینی شوێنی ئیبتدای سەفەر
وەها لە شەرعا بووە موقەڕڕەر