هەسێرەی هیوای سەربەستی بەشەر

لە جەنگی جیهانیی دووەمدا
لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
 1 خولەک  1048 بینین
هەسێرەی هیوای سەربەستی بەشەر
لە ئاسۆی توونس سەر هاتەدەر
وەک سوفیدەی سوبح ڕووناکی بەیان
سوپای تاریکی زوڵمی دایە بەر
بە ورشەی شوعلەی پرشنگی جوانی
دونیای سەرانسەر گشت کرد مونەووەر
لە یومنی ئەو بوو دەستەی سوێن خواران
تاجی زەفەریان هەموو نایە سەر
بۆیە وا تێکڕا ئازادی خواهان
نازی و فاشیستان لەوێ کردە دەر
ئەم بەری دەریای ناوەڕاست هەمووی
پاک کرایەوە لە پیسی میحوەر
کەسێک تێ فکرێ بە عەقڵ و بە دڵ
لەم گوڕە و نەڕە و فیراری هیتلەر
هەر لە ڕۆژهەڵات هەتا ڕۆژئاوا
وەک گای تاڵانی چۆن درانە بەر
تێ دەگا کە وا دەستەی سوێن خواران
نەجات دەهەندەی عالەم لە خەتەر
خۆ بە کوشت ئەدەن تا بەنی ئادەم
لە چاڵی زوڵمەت، بهێنرێنە دەر
پێویستە ئێمەش بە زمان و بە دڵ
بەڕاستی بگەین سوپاسی داوەر
بەقەدەر هەموو دونیا و مافیها
سوپاس بۆ زاتی تەنیای دادگەر
هەر بژی هێزی دەستەی دیمۆکرات
بۆ ڕزگار بوونی بەشەر لە زەرەر
بە بای فەنا چن نازی و فاشیستی
دەعبای ئادەم خۆر موجەسەمەی شەڕ