بەهارە خۆشی کەژ و کۆسارە

لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
 2 خولەک  1159 بینین
بەهارە خۆشی کەژ و کۆسارە
کاتی ژیانەوەی درەخت و دارە
چرۆ و هەراڵەی نوێ دیارە
جەژنی سەوزە گیا و باخ و گوڵزارە
شنۆی بای وادەی نەسیمی نەورۆز
بەفری کوێستانی کرد بە تەپ و تۆز
شریخەی ڕەعد و بەرقی جگەر سۆز
نە زوستانی هێشت، نە بەردەلعەجوز
شاخ و کێو و شیو، سەحرا و دەشت و دەر
بێستون شاهۆ، کێوی ئاویدەر
گەلی باو و قەندیل گوێژە و ئەزمەڕ
بەرگی نەورۆزیان تەواو کردە بەر
سەحرا گوڵ گوڵە بە لالەی ڕەنگین
بە شەوبۆ و نەرگس گوڵ مینا و نەسرین
ڕێحانە و گوڵباخ گوڵاڵەی نەخشین
وەنەوشە و لەولاو بەڕەزای شیرین
سوورە هەراڵەی بۆن خۆش و چنوور
گوڵ و گوڵ خونچەی ئاڵ و زەرد و سوور
گوڵ زەمەق، مێخەک، هێرۆی هەزار جۆر
هەڕاڵەبەرەم خەمباری سەرشۆڕ
قاسپەقاسپی کەو ئاوازەی بوڵبوڵ
بانگی یاکەریم، قومری خاڵ لە مل
دەنگی پۆڕ سەدای چۆلەکەی سەر چڵ
هەر یەک تەئسیرێ ئەکەنە سەر دڵ
حیلەی جوانوو چارەوێی زک پڕ
بۆڕەی گا باڕەی کار و بەرخ و مەڕ
قووقەی کەڵەشێر جروەی پەلەوەر
شەقە دەنووکی لەق لەق و سەرگەڕ
نەورۆزی دونیا هەر هاتوچۆیە
وەختێ هاتەوە هەر وەکوو خۆیە
تەنیا نە بۆ من نە هەر بۆ تۆیە
شێتە ئەو کەسەی بۆی ڕەنجەڕۆیە
ئەمانە هەر یەک بۆ ئینسانی ژیر
جۆرە فیکرێکی ئەهێنێتە بیر
بەشەر سەرسامە چ جوان و چ پیر
لەم کردەوانەی یەزدانی قەدیر
ئەم کائیناتە بەبێ چەند و چوون
بەبێ هەندەسە و خەریتە و فنوون
بە پێی ئەمرەکەی فەوری «کاف و نون»
لە نەبوونەوە هێناویەتە بوون
شاهۆ زبان و خەیاڵ و قەڵەم
عاجیزن تەواو بە نووسین و دەم
لە باسی کونهی خوای بێ هاودەم
هەتاکوو ماوم سوپاسی ئەکەم