وەتەن باوانی باوانم بڵێ پێم بۆ چی شێواوی

لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
 2 خولەک  505 بینین
وەتەن باوانی باوانم بڵێ پێم بۆ چی شێواوی؟
هەمیشە تەم لەسەر شان و پەشێو و دۆژ و داماوی؟
لە کام جێ کەمتری تۆ بی و خوا ئەی نووری دوو دیدەم
کە ئەتبینم لەناو هاوشانی خۆتا پەست و بێ ناوی
بەهەشتی ڕووی زەمینی جێی گوڵ و لالە و ڕیاحینی
مەقامی حۆری عەینی پڕ لە شەهد و شیر و شەکراوی
بە جێگە و دیمەن و دەوڵەت ڕەفیقی شەهریارانی
کە ساحێب گەنجی شاراوە و مەواد و مەعدەنی خاوی
ئەوەی پێویستە بۆ پاسی سنوور و ماڵ و ئەولادت
لەناو گەنجینەتا مەوجوودە ئیتر بۆ چی ترساوی؟
کەژ و کێو و دەر و دۆڵت پڕی نەوت و زەڕ و زیوە
چەچایە ئاسن و پۆڵا و ئاهەک قیری قیرتاوی
وتی تۆ ڕاست ئەکەی من ساحبی گەنجی خوداداوم
بەڵام پیاوی ئەوێ ئەم سەروەتەم بێنێتە بەر چاوی
چ پیاوێ؟ چاو نەترساوێ، دلێرێ، مەستێ بێ باکێ
لەسەر لا مستە خاکێکی، سەری دانێ لە پێناوی
چە پیاوێ؟ فەیلەسووفی بێ، بە بیر و فیکر و تەدبیری
بەباشی قەومەکەی یەک خا، هەتاکوو دێنە ناو داوی
چ پیاوێ؟ خوێندەوارێ بێ لە ڕووی زانینەوە دائیم
ببێتە ڕابەری کوردان، کوڕ و کچ، ئافرەت و پیاوی
چ پیاوێ؟ قارەمانێ بێ، وەکوو شێری ژیان هەر دەم
بلەرزێ ناودڵی دوژمن لە ترسی هەیبەت و ناوی
وتم ئەمڕۆ بەڵێ وایە بەڵام بۆ ئاخری شاهۆناسناوی ئەدەبی
بە دوژمنیان ئەچێژێنن هەموو ژەهراوی تاڵاوی