دەروونی پڕ لە زووخاوم بە تیری تەعنە زامدارە
لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
2 خولەک
645 بینین
دەروونی پڕ لە زووخاوم بە تیری تەعنە زامدارە
خوایا سا نەجاتم دەی لەدەس ئەم خەڵقە غەددارە
لە هەر لایە ڕەقیبێ وەک سەگی هار دامەنم ئەگرێ
مەگەر باری بدا یاریم، خەلاس بم لەم هەموو هارە
لە هەر سووچێ کە دەمبینن بە ڕق حەملەم کە بۆ دێنن
دەڵێی گشت سەگی برسین ئەچن بۆ لاشە مردارە
لە لایە ئەم هەموو خەڵقە ڕەقیبن سەیری یاریش کەن
قوسوور ناکات لە بێ ڕەحمی لە حەق ئەم دڵ بریندارە
گەهێ ڕووی خۆی ئە پۆشێ لێم و تا بمرم لە هیجرانی
گەهێ خۆی دەر دەخات وەک ڕۆژ و جەرگی من ئەکا پارە
بە گۆشەی چاوی بیماری ئیمایەک ئەکا گەهـ گەهـ
لە شاری سینەما ئیتر سەدای ناڵین و هاوارە
ئەڵێی سەروی خەرامانە کە دێتە عیشوە و لەنجە
قەسەم بەخوا پەریش وەک ئەو نییە هێندە بە ڕەفتارە
ئەگەر حۆری ببینێ ڕوومەتی ئەو شۆخە بێ شوبهە
لە ڕووی هەڵنایە خۆی دەر خا لەبەر ئەم تازە مەهپارە
ئیتر من چۆن ئەبێ بۆی شێت نەبم؟! مەنعم مەکەن یاران
کە شێخیش شێت ئەکا عیشوەی دەروونی بۆ ئەکا پارە
بە سیحری گۆشەیی چاوی دڵی خستوومە ناو داوی
چ داوێ داوی دوو زوڵفی کە وەک دوو دانە ڕەشمارە
بەڵێ شاهۆناسناوی ئەدەبی ئەسیری بەندی دوو زنجیری گێسووتە
دەسا تۆ بی و خوا ڕەحمێ کە بە ئەم مەحبووسە بێچارە