نەسیمی سوبحدەم قوربانتم وا دەس بە دامانم
لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
3 خولەک
627 بینین
نەسیمی سوبحدەم قوربانتم وا دەس بە دامانم
تەرەححوم کە بە حاڵم گیانەکەم وەک جاری جارانم
ئەزانی خۆت بە ئەحواڵم کە چیم پێ هاتووە ئەمڕۆ
دەروونم چۆنە بۆ چ دائیم بە ناڵە و ئاهـ و ئەفغانم
ئەگەر ڕێت کەوتە ماوای ئەو گوڵەی موو سونبولەم جارێ
بە فورسەت بەڵکە بێ دەنگێ، بەبێ ئاگای ڕەقیبانم
لەجیاتی من بچۆ عەرزی بکە چیت پێ ئەڵێم یەک یەک
بڵێ ئەی شۆخەکەی دڵ بەردی بێ ڕەحمی بە عینوانم
بڵێ ئەی دوڕڕی یەکتا! حوورەکەی بێ میسلی بێ هەمتا!
بڵێ ئەی موو کەمەر! ڕوومەت قەمەر! سەروی خەرامانم!
بڵێ ئەی یاری چاو بەخوماری نازداری بە ئازارم!
بڵێ ئەی لەیلەکەی ڕوخ سێوەکەی لەب لەعلی ڕوممانم!
نەمامی نەو ڕەسیدەم! قووتی ڕۆحم! نووری دوو دیدەم!
فەرەح بەخشی دڵەی بیماری پڕ نیرانی بوریانم!
ئەرێ غونچە دەهەن! ناسک بەدەن! پڕ مەکر و فەن! گوڵ پیرەهەن!
ئەرێ سیمین زەقەن! گەردن بوڵەند! سالاری خوبانم!
ئەرێ ئەبرۆ هیلالی چاو ڕەشی شیرین خەت و خاڵم!
چرای ماڵم! گوڵم! فێنکی دڵەی مەجرووحی ناڵانم!
لە گێژاوی خەما وا گێژ و سەرگەردان و بێ هۆشم
لە داوی میحنەتا وێڵم، خەریکی شین و گریانم
دڵی بەردیش بە ئەحواڵم دەسووتێ هێندە مەحزوونم
وحوشیش بۆم دەگریەن، هێندە خەمبار و پەرێشانم
لە چۆڵی غوربەتا سەرسام و بێ هۆشانە سەییارم
وەکوو مەجنوونی شەیدا، ڕۆحەکەم بۆ تۆ بە ئەفغانم
کزە و قرچە و پڕووزەی جەرگی سووتام لە دووریی تۆ
عەرەبسانی هەموو پڕ کردووە جانا، بە ئیمانم!
لە تەئسیری هەناسەی سەردی من بەغداشوێن بووە کوێستان
شنەی بای ساردە بەفراوە لە حەوش و ژوور و کۆڵانم
بەڵام بێ تۆ هەموو دونیام بەلاوە تەنگ و تاریکە
ئەگەر بچمە بەهەشتیش هەر وەکوو مەحبووسی زیندانم
سەعاتێکم بە ساڵێکە لە دووریی قەددی لەولاوت
شەو و ڕۆژ بێ خەو و خۆراک و چۆڵ گەردی بیابانم
لە تەننووری فیراقا قوڵ ئەخۆم وەک مەنجەڵێ فڕنی
ئەوا خۆ بوو بە بوریانی دڵەی زامداری هیجرانم
تەقی سەرچەشمەیی چاوم، هوجومی کردە سەر بەغداشوێن
نزیکە غەرقی کا یەک جار وەکوو لافاوی تۆفانم
بە ناشوکری نەبێ نەمدی لە موددەی عومرما ساتێ
بە خۆشی ڕابوێرم من لە خزمەت یاری چاو جوانم
گەهێ مەجنوون سیفەت چۆڵگەردی وادی غوربەتم گاهێ
وەکوو بولبول لە دووریی یاری گوڵ ڕەنگم غەزەل خوانم
هەموو عومرم بە زایع چوو بە ئاهـ و ناڵە و زاری
سەر و ماڵم بە ڕەحمەت چوو بە جارێ، ماڵی وێرانم
مەگەر ڕەحمی خوا یاریم بکا وەرنە بە مەرگی تۆ
مەحاڵە خاکی کوردستان ببینێ چاوی گریانم
تکەی خوێناوی چاوی شایقناسناوی ئەدەبیت جانا لە دووری تۆ
بەخوڕ دێ دائیمە و دەتکێتە دامان و گریبانم