دڵ ئەوا سووتا بە دووریت دەرد و دەرمانم وەرە
لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
2 خولەک
668 بینین
دڵ ئەوا سووتا بە دووریت دەرد و دەرمانم وەرە!
وەختە قرچەم تێ کەوێ بۆت ماهی تابانم وەرە!
بێ مەزەی عەننابی لێوت تاڵە و ئەوقاتم گەلێ
مەرهەمی زەخمی دەروون و قەلبی بوریانم وەرە!
هێندە شێواوم بە مەرگت مەرگی خۆم جەژنە لە لام
شۆخی چین، دوڕڕی سەمین، لەعلی بەدخشانم وەرە
خواردنم خوێنا و زەهرە، بێ تۆ شادیم شیوەنە
یاری گوڵ ڕوخساری من، سالاری جوانانم وەرە
دڵ ئەوا بۆت کەوتە قەعری بەحری بێ پایانی خەم
واسیتەی تەفریحی قەلبی پڕ لە فیراقم وەرە
مەمکوژە توخوا بە هیجران جوانە مەرگیشم مەکە
دەرد و دەرمانم بە خۆتە زوو کە لوقمانم وەرە
وەختە پەڕ دەر کەم لە دونیا دوور کەوم، بچمە سەما
تا لەدەس نەچووم دە سا دەی ماهی کەنعانم وەرە
ڕۆح و دڵ چاویان لە ڕێتە چاوەڕێی تەشریفی تۆن
یاری شەهـ ڕە فتارەکەم دەرمانی زامانم وەرە
تەختەبەندی جێتە سینەم، بەردەبازی ڕێتە سەر
خاکی ژێری پێتە دیدەم، شۆخی دەورانم وەرە
گا و گەردوونت ئەکەم شیرین حەیاتی جاویدان
بۆ بەڵا گەردانی باڵات قۆچی قوربانم وەرە
وەک سەماوەر سینەکەی بۆ تۆ ئە جۆشێ شایقناسناوی ئەدەبیت
شەربەتی گیان! شۆخی چاو جوان! نووری ئیمانم وەرە!