باز لەتاو هیجرانی یارم ئارەزووی گریانمە
لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
2 خولەک
449 بینین
باز لەتاو هیجرانی یارم ئارەزووی گریانمە
مەیلی واوەیلا و ڕۆڕۆ و ناڵە و ئەفغانمە
وێڵ و سەرگەردان و مەبهووت و حەزین و دەربەدەر
هێندە خەمبارم ئەم ئێستا عەینی قوڕ پێوانمە
دوور لە یارم، بێ کەسم، بێ موونس و سەحرانەوەرد
هەر وەکوو مەجنوونی لەیلا، شەوقی سەر کێوانمە
وەختە لەت لەت بێ بە جارێ دڵ لەتاو ئێشی قیراق
وەختە لێکۆ بن بە جارێ هەرچی ئەعزای گیانمە
گیان لە پەروازایە بۆ دەرچوون لە حەلقەی سینەما
یار لە کوێ بێ بێتە لام وا وەختی گیان کێشانمە
غەرغەرەی سەر سینەم و سوستیی حەواسم شاهیدن
مەوسمی مردنمە ئەمشەو ئاخری قەیرانمە
ئەی ڕەفیقان مەبنە سەربارم بە لۆمە و مەوعیزە
لێم گەڕێن بۆ خۆم ڕەحەت بم، وا ئەجەل میوانمە
من کە زامداری نیگاهی نازی چاوی دوڵبەرم
شەربەتی لێوی نیگارم مەرهەمی زامانمە
جەستەکەی خەستەی زەلیلم وا کە گیانی تیا نییە
جوانە مەرگی تیری عەشقی شۆخەکەی دەورانمە
هێند هیلاک و دەردناک و سینەچاک و عاجزم
زەحمەتە قوربان خەلاس بم دەردی بێ دەرمانمە
خوێنی جەرگ و دڵ کە وا ئەتکێ لە دیدەی شایقناسناوی ئەدەبیت
بۆ حیساباتی قیامەت شاهیدی دیوانمە