زامی کۆنم هاتە سۆ کۆسێکی تازەم کەوتەوە
لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
2 خولەک
720 بینین
زامی کۆنم هاتە سۆ، کۆسێکی تازەم کەوتەوە
با بناڵێنم لەمەولا جا بە دەردی مەوتەوە
گەر قەیاس کەن تالیعی شوومم بە خۆشبەختیی ڕەقیب
هەر وکوو ماهە بە نیسبەت چاڵی قیر و زەوتەوە
من لە ڕۆژێکۆ گرفتارم بەدەس گەردوونەوە
دایمەن گێڕاومی وەک عەوداڵ لە ڕێگەی چەوتەوە
سینەکەی پڕ ئاگرم جانا لەتاو هیجرانی ڕووت
دەنگی کرپەی دێت وەکوو ئاگر بە چاوەی نەوتەوە
لێو و خاڵ و زوڵف و ڕوو دیدە و موژە و ئەبرۆیی تۆ
یەک بەیەک بۆ من عەزاب بوون داد بە دەس هەر حەوتەوە!
لەشکری موژگانی خوێنڕێژت بە گۆشەی نیو نیگا
تیرە بارانم دەکا هەردەم بە لەنجە و ڕەوتەوە
دڵ بە دەوری شەمعی ڕووتا شەو هەتا وەختی سەحەر
هەر وەکوو پەروانە، تا بێ باڵ نەما، نەسرەوتەوە
ئارەزووی سەیرانی باخی حوسنی تۆی کرد دڵ کە چی
بوو بە داوی زوڵفەکەی چینی سیای وەک شەوتەوە
ئاسمان گریا بە ئەحواڵم کە دیی زار و زەلیل
من گرفتارم بەدەس دوو نەرگسی پڕ خەوتەوە
پێچ ئە خۆم وەک مار و ئەتلێمۆ بە ئاخ و داخەوە
ناڵە ناڵم دێ بە دەنگێکی کزی بێ سەوتەوە
نادرێ شەرحی پەشێوی حاڵی زاری شایقناسناوی ئەدەبیت
ئەلویدای ئاخریە زاهیر وا بەسەر ڕێی فەوتەوە