ئەی یاری خۆشەویستی وەفاکاری ڕاست ڕەو

لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
 1 خولەک  1456 بینین
ئەی یاری خۆشەویستی وەفاکاری ڕاست ڕەو
وەی جێی ئومێدی موخلیسی خەمباری تیرە شەو
وەختێ کە کارتی جەژنەکەتم دیت و خوێندمەوە
وەک نووستوێ کە ڕاشڵەژێ و ڕاچەنێ لە خەو
تیمسالی حاڵی قەومەکەمی میسلی سینەما
هێنایە بەر نەزەرم و لە پڕ ڕاپەڕیم بە دەو
تۆزێ کە سەیری ئەو فلیمەم کرد و تێی گەییم
دەستم گەیاندە خامە وەکوو بەرقی تیژ ڕەو
نووسیم بە خوێنی دیدە لە سەفحەی سیاهی دڵ
ئەحواڵی کوردی قوڕ بە سەر و بەختی شوومی ئەو
کورد ڕەنجەڕۆیە گوڵبونی عەیشی خەزانی کرد
شانی لە ژێری باری خەما گشتی بوو جەدەو
نەورۆز لە بۆ ئەوانەیە وشکیان ژیایەوە
ناوچاوی بەختە دێزەکەیان بوو بە مانگەشەو