زۆر دەمێکە ماڵ و موڵکت وا بە دەس بێگانەوە
لە کتێبی:
دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
بەرهەمی:
ئەوڕەحمان بەگی بابان (1880-1967)
1 خولەک
1133 بینین
زۆر دەمێکە ماڵ و موڵکت وا بە دەس بێگانەوە
گەردنی بەرزت شکاوە بووی بە دام و دانەوە
ناڵە ناڵت دێ بە زام و دەردی بێ دەرمانەوە
جەرگ و دڵ لەت لەت بە نووکی خەنجەر و پەیکانەوە
چاوەڕێی ڕۆژێکی ڕێکەوت، ڕۆژی ئازادی وەڵات
موژدە بێ ئەی میللەتی کورد! ئەمڕۆ ئەو ڕۆژە هەڵات
پیاوەکانت هەوڵ ئەدەن بۆ سەربەخۆیی بۆ ژیان
لاوەکانت دەس بە خەنجەر هەر وەکوو شێری ژیان
پیر و جوان وەک پڵنگ کەوتوونە گیانی دوژمنان
دەس بە پاش ماشەی تفەنگ و تۆپەوە وەک قارەمان
پاسەوانیی سەربەخۆی کورد و کوردستان ئەکەن
یەک بە یەک هاتوونە مەیدان و فیدای جان ئەکەن