سەر بە ڕووتی و مل کەچی ڕۆیی بە ئیستیقباڵەوە
بۆ شێخ محەممەدی خاڵ
لە کتێبی:
دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
بەرهەمی:
ئەوڕەحمان بەگی بابان (1880-1967)
1 خولەک
1062 بینین
سەر بە ڕووتی و مل کەچی ڕۆیی بە ئیستیقباڵەوە
چوو بە پیر نامەی جەنابی فەیلەسووفی خاڵەوە
موژدەبەخشی سیححەتی خۆی و مناڵ و ماڵەوە
هەر بژین ڕەببی بە خۆشی و سیححەت و ئیقباڵەوە
خانەوادەی بەرز و گەورەی دانیش و عیلم و هونەر
مایەیی ناز و نیازی میللەتی کورد سەر بە سەر
دڵ تەنوورێ بوو لە دووریت، پڕ گڕ و گەرم و بە تاو
ڕەشحەیی خامەت بە جارێ تاڤگەیێکی خستە ناو
ئێستە باغ و گوڵشەنێکە پڕ لە نەشئە و پڕ لە ئاو
وەک خەلیلکەس ئاساری خامەت موعجیزەی هێنایە ناو
فیقهـ و زانایی و تەریقەت عیلمی غەیبی پێوەیە
گەورەیی و کەشف و کەرامەت ئیرسی خاسی ئێوەیە
کەس نەڵێ ئەم قەومە ڕێی دوورە لە پێ کەوت و هەژی
دڵڕەق و سەنگین و سەلبە وێنەی کێو و کەژی
هەیکەلی تاریخییە سەد عەسر و سەد دەوری مژی
ڕەهبەر و زانای وەکوو تۆی بێ بە بەرزی هەر ئەژی
میللەت و گەل پێشەوای دڵسۆز و ڕووناکی هەیە
بابەناسناوی ئەدەبی ئیتر کورد و کوردستان لە چی باکی هەیە؟