لە هەوری دڵ پەیابوو باد و بەرق و ڕەعدەکەی جاران
لە کتێبی:
دیوانی سابیری
بەرهەمی:
سابیری (1881-1944)
1 خولەک
1121 بینین
لە هەوری دڵ پەیابوو باد و بەرق و ڕەعدەکەی جاران
فەوارەی چاوی من فرمێسک ئەڕێژن هەر وەکوو باران
لە تاوی ئاگری دووریت نەماوە سەبر و ئارامم
بەسەر ئەم ئاگرە ئاوێ لەڕێی پێغەمبەرا یاران
ئەگەر ئایاتی قورئانە ئەگەر هەنگوین و لوقمانە
پەیا کەن گورج و ئازانە لە دەشت و شار و بازاڕان
خودایە تۆ حەکیمی حازقی بۆ خاتری قورئان
شیفایێ زوو بە زوو نازڵ بکەی بۆ دەردی بیماران
لەبەر لەیلایە مەجنوونم لەبەر شیرینە فەرهادم
مەکەن مەنعم لە گریە و شیوەنی سارا و کۆساران