ئەی موسوڵمانان بڵێن بەو دوڵبەرە بۆچ وا دەکا
لە کتێبی:
دیوانی سابیری
بەرهەمی:
سابیری (1881-1944)
2 خولەک
963 بینین
ئەی موسوڵمانان بڵێن بەو دوڵبەرە بۆچ وا دەکا؟
تورفەتولعەینێ هەزاران فیتنەها بەرپا دەکا
قەسدی خوێنی بێ گوناهان بۆچ دەکا ڕۆژێ هەزار
دەست و خەنجەر غەرقی خوێنە و سوور بە سوور حاشا دەکا
هێندە بێ ڕەحمە لە عەینولفیعلی قەتڵی بێ خەتا
عالەمێ غەوغا دەکا ئەو خەندەیی قاقا دەکا
ڕەحم و ئینسافی نییە دەرحەق بە مسکین و فەقیر
هیچ نە شەرمێ ئەو لە شێخ و یا لە شاهەنشا دەکا
چۆن نەترسم موفتی و قازی کە چوون بۆ خزمەتی
با قەڵەم مەیلی لەسەر چ شتێکە ئیستیفتا دەکا
تێدەگا بۆ لەرز و تا، عەننابی لێوی شافییە
بۆیە لێوی خۆی گەزیوە دەست و پەنجەی وا دەکا
چوومە کن نەوعی ئەتیببا بۆ عیلاجی لەرز و تا
جوملە فەرموویان کە هەر عەننابە دەفعی تا دەکا
شەو بە هێواشی وتی: مەگری بە دایم ئاشکار
ئیش و کاری عاشقی لازم بە ئیستیخفا دەکا
سەد فیغانم کرد و لێی پاڕامەوە سوودی نەبوو
وەرنە سەیری جەوری ئەم سوڵتانە ئیستیغنا دەکا
شەرق و غەربی ئیستیلا کرد و نەما نەوعی بەشەر
زاهیرەن عەزمی گرووهی عالەمی باڵا دەکا
سابیریناسناوی ئەدەبی کێیە لە بەحسی خەت و خاڵی دەم بدا؟
جارجارێ شیبهی شانە زولفەکەی تاتا دەکا