بەبێ تۆ عالەمی دڵ غەرقی دەریای یەئس و حیرمانە
تەحەسوری جەوانی و تەرانەی وەتەن
لە کتێبی:
بەرهەمەکانی مستەفا شەوقی
بەرهەمی:
مستەفا شەوقی (1865-1932)
3 خولەک
1327 بینین
بەبێ تۆ عالەمی دڵ غەرقی دەریای یەئس و حیرمانە
تەماشاکە شەپۆل ئەوڕۆ چلۆن سەرڕێژی چاوانە
عەجەب تۆفان دەرە، حیسسی شەبابم هەڵدەچێ دایم
لە قەلبی پڕ خرۆش ئەسرینی چاوم لەعلی ڕوممانە
دە (لە) ئافاقی ئەمەل ئەوڕۆ سەرابە وەسڵی تۆ دوورە
لە بۆیە فەلسەفەی ژینێ لە بۆ من بۆتە ئەفسانە
جوانی و نەشئە و شەوقی حەیاتم بێ تۆ بەربادە
بەهار ڕابرد و هاوین هات و پاییز، وەقتی زستانە
خولاسەی مەقسەدی من زولفی کاڵ بوو، بۆیە لێم گێژە
سەراپا فیکر و حیسسم میسلی زولفی خاوی جانانە
لە شەڕیان و وەریدی جیسمی فانی من وەکوو خوێنە
مەلالی چاوی مەخموورت دەکا دەوران و سەیرانە
بەڵێ هەللاجم و ئەوڕۆ ئەسیری ڕەنگی بێ ڕەنگیم
بە سەودای تۆوە مەستم، چونکە چاوت داویە پەیمانە
ئەسیری حوسنی تۆ چون مەعکەسی ئەنواری لاهووتە
لە تاریکی وجوودی کونجی ناسووت ڕۆژی تابانە
چرای فکرم لەوێ دایم دەکاتن ئیقتیباسی نوور
میسالی پیری مەیخۆران لە جامی لەعلی مەیخانە
لە سەحران میرغوزاری عالەمی ئەرواحی عیللیین
شەهەنشاهی و خەیاڵی فکری سەربازیمە تاقانە
موحیتی من فەلەک بوو ئەوجی قودسییەت نیشانی دڵ
موننەزەهـ بووم لە پابەندی فسوونی جیسم و خومخانە
کە تەقدیری ئەزەل وا هات ئەسیری چاوی جادووت بم
دە سیجنی تەبعی جوانان ڕوحی پاکم بەندی زیندانە
چلۆن تەبعی بەشەر مەخلووقی خاکی پاکی تینەت بوو
هوبووتی کردووە فکرم ڕوحم هاتۆتە هێلانە
لەنێو دنیایی خاڵی هەڵبژاردی پاشی تەدقیقی
لە جەرگەی ئاسیادا مەئمەن و مەئوایی شاهانە
چەمەن شین و سەمەن خۆشبێن و دایم مەستی ئەزهارە
بە شاخ و داخ و چۆم و کانیەکان سەرتاقی ئێرانە
لەوێ دایم دەنۆشی بادەیی سەودا، سبەینان زوو
بە پیاڵە چاوی نیرگس بولبولی ئاشفتە حەیرانە
لەوێ تێرئاو دەبێ خولیای جوانی و ڕووحی غەمگینان
ئوفوولی ئەرغەوانی ڕۆژووی پاش مانگی تابانە
کە خاکی پاکی وی لانکە لە بۆ ئێسقانی باپیرمان
لەسەر قەبری جەوانان دیدەیی شللێرە گریانە
تەماشای هەر قەدی دارێ مەکە ئەوڕۆ بە گیانسەختی
کە ئەو شینایە یادگاری قەدیمی دایکی کوردانە
لەوێ ئەوڕۆ بەبێ تۆ دەردەدارە دایکی سەرشێتت
بەبێ تۆ دەزگیرانت فاتە چاوجوان دیدە گریانە
ئەوێ موڵکی قەدیم و مەوتەنی ئەجدادی پێشووتە
بە مەردی! مەیڕووخێنە چون حەریمی موڵکی بابانە
بە عیلم و مەعریفەت تێرئاو بکە فکری جوانیت تا
دەگەڵ شەوقیناسناوی ئەدەبی بە جووتە موفتەفیق بن مەرد و مەردانە