بۆچ دەناڵێنی لەسەر لێوت لە بۆچ بار کەوتووە

لەبۆ هاواڵی ماتەمدار
لە کتێبی:
بەرهەمەکانی مستەفا شەوقی
بەرهەمی:
مستەفا شەوقی (1865-1932)
 1 خولەک  684 بینین
بۆچ دەناڵێنی، لەسەر لێوت لە بۆچ بار کەوتووە؟
لەشکری زولفت کە خاو و کاڵە بۆچ ڕووی گرتووە؟
ئاهی تۆ وەک بای سمووم وا هات و قەلبی دادڕیم
ئەی فەلەک کۆستت کەوێ! ئەوجارە بۆ وات کردووە؟
چەندە مەحبووبە لەسەر ئەندامی سەروت جلکی ڕەش!
تۆ بە فرمێسکی خووێ، ئەو ڕەنگی ڕووت بۆ شوشتووە؟
ڕەنگی تۆ خۆ زەردە، زولفت کاڵە، قامەت مامەشی
یا لەنێو پایتەختی ڕۆمێ سوێسنە پشکووتووە
چاوەکانت کەیلی فرمێسکە لە تیژی ماتەمان
میسلی شوعڕای ئەوجی ئاسمانی سەحەر دەرکەوتووە
چارشێو و دەسماڵی تۆ، شەرحە لەبۆ تاریکی شەو
من لە عومرم مانگ لەنێو تاریکەشەو نەمبیستووە
دەست و پەنجەت چەندە نەرمە مەرهەمی دەردی دڵە
لێم گەڕێ با ماچی کەم، بەختی جوانیم خەوتووە
لێم گەڕێ ئەوڕۆ بە دەسماڵی حەریر بێم بستڕم
دانەیی مرواری فرمێسکت هەتیو هەڵکەوتووە
دابنێ سەر قەلبی زارم ئەو سەری پڕ جۆشی خۆت!
هەم بە لای لایی دڵم بنوە زەمانی هاتووە
قەلبی شەوقیناسناوی ئەدەبی چون حەریمی عیشقی جێی دیرینەتە
بۆچ دەناڵێنی، لەسەر لێوت لە بۆچ بار کەوتووە؟